Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۰ اردیبهشت ۱۹, دوشنبه

ئیمرۆی باشووری کوردستان، ئەزموونێک بۆ دوارۆژی رۆژهەلات رویا تلووعی


ئیمرۆی باشووری کوردستان، ئەزموونێک بۆ دوارۆژی رۆژهەلات رویا تلووعی

لەبیرمە کاتێک سەدام رووخا وباشووری کوردستان "ئازاد" بوو لە خۆشیدا دەگریام. هەرچی بە قاچاخ لە سنوورەوە تێدەپەریم، بەو هەموو مەترسیەوە، دیسان وەمدەزانی لە خاکێکی خۆلەمێشاوی داگیرکراوەوە روو لە خاک و هەوایەکی پاک و ئازاد دەکەم.دوای ئەو هەموو ئێش و ئازار و ئاوارەیی و حەلەبچە و ئەنفال و هەزاران بەڵای دیکە، بۆ یەکەم جاردوای کۆماری کورتخایەنی کوردستان، پارچەیەکی ولات دەکەوتە دەست خودی کورد بۆ دەسەلاتداری و حوکمرانی.چی لەوە خۆشتر بوو؟ بە درێژایی ساڵهای ساڵ کورد داوای "ئازادی" و "دیمۆکراسی" کردبوو. لە ژێرچەپۆکی و گەندەلی و هەلاواردنی نەتەوەی بالادەست ماندوو بوو ، خوازیار و تینووی دەسەلاتی خۆمالی بوو کە ئاواتەکانی وەدی بێنێت. لەبیرمە لەگەل "رووناک فەرەج" چالاکڤانی ژنان بە بۆنەی ئەنفالەوە وتووێژم دەکرد. رستەیەکی زۆر جوانی وت کە قەت لەبیرم ناچێ. وتی دیارە ئێمە بەدەست سەدامەوە نەجاتمان بوو بەلام سەدان و هەزاران سەدامی بچووک هیشتا لەناو کۆمەلگای ئێمەدا ماوە! راست وابوو. سەدامە بچووکەکانی دوروونی مرۆڤەکان دیسان "گەندەلی" و " هەلاواردن" و "ژێرچەپۆک "گرتنی خەلکیان دووبارە کردەوە. لەلایەکەوە قیری رەش سپی بوو تا دوو حیزبی بالادەستی کوردی پێکەوە سازان و دەسەلاتیان ناو خۆیان دابەش کرد( بە قیمەتی خوێنی چیها مرۆڤ کە لە شەری براکوژیدا رژا) . دوای ئەوە بە روالەت نیمچە دیمۆکراسیەتێک دامەزرا کە هەلبەت لە چاو ئێران و ولاتانی عەرەبیدا زۆر جێگای شانازی بوو. دلمان بە ئازادی چاپەمەنی و ئازادی رادەربرین خۆش کردبوو و هەولێکی زۆر درا لەو رێگایەوە "گەندەلی" چارەسەر بکرێ، بەلام گوێچکەی گەندەلان لە ئاست خەلکدا کەڕ و کاس بوو. هەربەرووکەش وترا باش و بە کردەوە خراپتر بوو، چاکتر نەبوو.کار کێشایە ئەوەی کە بەداخەوە تەنانەت "دکتۆر بەرهەم سالح"ی تێکنۆکراتیش دەرەقەتی گەندەلی نەهاتوە. هەر ئەو بەستێنی گەندەلی و نارازی بوونە وای کرد کە شەپۆلی تازەی دیمۆکراسیخوازی رۆژهەلاتی ناوین، پێش ئەوەی گشت ولاتانی نادیمۆکراتیکی عەرەبی بگرێتەوە، کوردستانی نیوە دیمۆکراتی گرتەوە. لێرەدا نامەوێ بچمە ناو باسی هۆکارە دەرەکییەکان و دەستێوەردانی ولاتانی دراوسێ، چونکە گومانم لەوەدا نیە ئەوەی دژ بە کورد بتوانن دەیکەن.من خۆم بەردەوام رەخنەم لە حکومەتی کوردی بوە کە تەواو سەری دانواندوە بۆ ئێران و تورکیا و دەستی ئەوانی لە کوردستاندا ئاوەلا کردوە، بە چەشنێک کە ئیمرۆ گیری خواردوە بەدەستیانەوە و بۆی کۆ ناکرێتەوە. بەلام ئەم پرسی سەرهەلدانی خەلکی باشوور تەنیا ناکرێ لە دەستێوەردانی ولاتانی دراوسیدا راڤە بکرێت و بەستێنی سەرەکی گەندەلی و وەرەزی خەلک رەچاو نەکرێ. ئەگەر حکومەتی کوردی بەس "بە روالەت دیمۆکراتیک و لە ناوەرۆکدا دیکتاتۆر" نەبوایە و ئەگەر پرسی گەندەلی بە جیدی چارەسەر بکرایە، ئیمرۆ وەرێزبوونی خەلک و خۆپیشاندان و دەستێوەردانی دراوسێکان و لە هەمووی ناشرینتر کوشتن و بریندار کردنی خەلکمان نەدەدی.هێشتا خوێنی گەرمیان مندالی ۱۱ سالەی بێتاوان وشک نەبۆتەوە کە دیسان تەقە لە خەلک دەکرێ. کار کێشاویەتی بەوەی کە لە رۆژی رووناکدا نووسەر و چالاکوان و رۆشنبیری بە ناوبانگی کورد"رێبین هەردی" نەک دەستبەسەر دەکرێ بەلکوو بە درندانەترین شێوە لێی دەدرێ و ئەشکەنجە دەکرێ. باشە ئەمە چۆن دیمۆکراسیەکە کە وەک ولاتانی دیکتاتۆری دراوسێ، خەلک بەر گوللە دەدرێن، دەکوژرێن و بریندار دەکرێن، دەرفێندرێن و ئەشکەنجە دەکرێن؟ ئەمە چۆن دیمۆکراسیەکە کە کاتێک خەلک دوو مانگە هاواری گۆرینی دەسەلات دەکەن، ئەم قودرەت و دەسەلاتە ئەوەندە خۆشەویستە کە ئێوە دەسبەرداری نابن؟ مەگەر بریای نیە حکوومەت لە خزمەتی خەلکدا بێ؟ دەبا خەلک هەلبژاردنی خۆیان بکەن و ئەگەر پێتان وایە هەلبژاردنەکەیان هەلەیە با دەرفەتیان بێ خۆیان بەو ئاکامە بگەن. دەبا دەسەلات هەر قرۆخی دارو دەستەی ئێوە نەبێ مەگەر دیمۆکراسی مانای وەرگرتنەوەی دەسەلات بێ توندوتیژی نیە؟ ئێوە پێتان وایە کەس لە ئێوە باشتر نیە؟ دەرفەت بدەن با خەلک خۆیان مەمنوونتان بنەوە

بەلام بۆ منی رۆژهەلاتی ئەوەی ئیمرۆ لە باشوور روودەدا سەرتا پێ ئەزموونە بۆ دوارۆژم. لە لایەکەوە حیزبەکانی ئێمە ۳٠ سالە لەو فەزایەدا ژیاون کە سەدان سەدامە بچکۆلەی تێدا بەدی هاتوە. من دەترسم لە کاریگەری ئەو داب و نەریت و کولتوورە بەسەر حیزبەکانی خۆشماندا. لە لایەکی ترەوە ویرای ئەو هەموو داخوازیە و پێویستیە بۆ یەکگرتن و یەک هەلوێست بوون، حیزبەکانی ئێمە یەک ناگرن کە هیچ، لەت و پەت و پرژ و بلاوتریش دەبن. فارس وتەنی "مرغ همشون هم یک پا دارە" . هەمووی بە قسە باسی پێویستی یەکریزی دەکەن و بە کردەوە بەپێچوانەی دەجوولێن. باسی خەباتی مەدەنی دەکەن بەلام هیچ پێناسە و بەستێنێکی دیاریکراویان بۆی نیە. باسی راوەستاندنی خەباتی چەکداری دەکەن وهاوکاتیش پێشمەرگە رادەهێنن و لە ناو کەمپەکاندا دەیانپرووکێنن. تەنانەت سکرتێری حیزبێک لە وەلامی رۆژنامەوانێکی فارسدا راگرتنی هێزی پێشمەرگە وەک "مسئول حفظ جان اعضای حزب!! واتە بادیگارد" ناوزەد دەکا(۱). یانی بەراستی ئاستی پێشمەرگایەتی کە لەناو کورددا ئەوەندە پیرۆزە ، تا ئەو رادە دابەزیوە کە ئەو گەنجەی لە گیانی خۆی بۆ کوردستان مایە دادەنیت ، بادیگاردێکە و بەس؟!!!! باسی چاکسازی دەکەن و ئەوەی چاکسازیخواز بێ وەدەری دەنین یان ناچاری دەکەن خۆی بروات. لە برێک حیزبدا باسی "دیمۆکراسی" دەکەن بەلام سکرتری "مادام العمر" یان هەیە کە هەمیشه "تاکە کاندیدایە" و زۆرترین دەنگیش دەهێنێتەوە ( وەک سەروک کۆمارە دایمیەکانی ولاتانی عەرەبی کە هەلبژاردنیان هەیە بە روالەت و هەمیشەش ۹۵٪ ی دەنگەکان دەهێننەوە!) و ئەوانی دیکە کە ناتوانن!! کێبەرکێی لەگەل بکەن دەبنە لادەر و جیا دەبنەوە! باسی پێویستی ئازادی ژنان و بەشداریان لە خەباتدا دەکەن بەلام تەنانەت ژنەکەی خۆشیان کە سالهای سالە کۆمیتە مەرکەزیانە ئیجازەی نیە بۆ یەکجاریش بوە ببێتە سکرتر! ژنان و چارەسەری کێشەکانیان دەبەستنەوە بە رێکخراوەیەکی حیزبی ناسەربەخۆ و گوێرایەلی پیاوان.بە پێی گوزارشی رێکخراوەی مافی مرۆڤی کوردستان لە ناو خۆیاندا زیندانیان هەیە و دیار نیە زیندانی بە کام پێوەری زانستی یاسایی و بە کام قازی و وەکیلەوە حوکم دەدرێ. تا هەر کەسێک رەخنەیان لێ دەگرێ بە شەوێک دەبێتە جاشی کۆماری ئیسلامی و دەنگی رەخنە بە تۆمەت و ناو و نوتکە دەخنکێندرێ!

داخۆچارەنووسی گەندەلی باشووریش چاوەروانی ئێمەیە؟ هیوادارم نا. هیوادارم ئێمە بەردی بناغەی ئازادی و دیمۆکراسی بۆ کوردستان لە پایەوە وا دابنێین کە کەس حوکمرانی خەلک و پلە و پایە و پۆست بە مولکی خۆی نەزانیت . بەو هیوایەی لە داهاتوودا "رێبین هەردیەکانی" رۆژهەلات ئازار و ئەشکەنجە نەدرێن. گەرمیانە ۱۱سالانەکانمان بەر گوللەی سەرکوتی رێپێوان نەکەون. هیچ کەس بۆی نەبێ بە کورسی دەسەلاتەوە بچەسپێ و لێی نەبێتەوە وووو.

-------------------------------

راگه یاندنی گروپی ژنانی چالاکی کوردستان له فیس بووک به بونه ی 19ی گولان روژی له سیداره دانی ماموستا فه رزاد که مانگه ر و هاورییانی

هەر شەو ئەستێرەیەک لە ئاسمان دادەگرن و ئەم ئاسمانە خەمبارە

هێشتا لێوانرێژە لە ئەستێرە

یەک ساڵ بە سەر ئیعدامی مامۆستای کورد فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم هۆلی، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکیلی و مێهدی ئیسلامیان تێدەپەڕێت. بە درێژایی مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد سەدان وهەزاران رۆڵەی قارەمانی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی تەنیا بە تاوانی کورد بوون لە سێدارە دراون. فەرزاد کەمانگەر وەک مامۆستایەکی لێهاتوو و خۆنەویست لە نێو زیندانیش وانەی خۆراگری و بەرخۆدانی بۆ قوتابیەکانی دەوتەوە. شیرین عەلەم هۆلی کە سەر بە نەوەی نوێ ژنانی تێکۆشەری کوردستان بوو قارەمانانە بە خوێندنەوەی سرودی رزگاری چووە پێی داری سێدارە. خەڵکی کوردستان لە وەڵامدانەوە بە ئیعدامی ئەم چالاکە سیاسیانە لە 23ی گۆڵان یەکگرتوو و یەکدەنگ مانگرتنێکی سەرتاسەریان بەرێوە برد و ئەمەش بوو بە هێمای یەکگرتوویی گەلی کورد.

ئەمرۆ لە ساڵیادی لە سێدارەدانی ئەم 5 ئەستێرە گەشە و لە کاتێکدا کە فەرزاد وەک نمونەی مامۆستایەکی خۆراگر لە هەموو جیهان ناوبانگی دەرکردووە، داوا لە سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەین کە پشتگیری لە کەمپەینی 19ی گۆڵان وەک رۆژی مامۆستای کورد بکەن تا یاد و بیرەوەری مامۆستا فەرزاد کەمانگەر و هاورێیانی بۆ هەمیشە زیندوو بمێنیتەوە.

گروپی ژنانی چالاکی کوردستان لە فیس بووک

19ی مانگی گوڵان

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر